ئاژانسی هەواڵی مێهر، بەشی نێودەوڵەتی: ئاژانسی هاوارنیوز بەدواداچوونێکی مەیدانیی ئهنجامداوه کە لەسەر بنەمای نەخشە شیکارییەکان و ئامارە سەربازییەکان و شایەتحاڵی زیندوو داڕێژراوە، دهركهوتوه، پێگەی سەربازیی داگیرکاریی تورکیا لەناوخاکی سوریادا گەیشتوەتە 124 پێگەی سەربازیی بەڵگەدارو پشتڕاستکراوه کە پێکهاتون لە12 قەڵای سەربازیی جێگیرو 112 خاڵو پێگەی سەربازیی بچوکتر، ئەم ههبونە چەکدارییە بەرفراوانەى توركیا، نەک تەنها گەڕانەوەی هەزاران ئاوارەی سوریی پەکخستووە، بەڵکوو دەرگای تەنگژەیەکی قورسی نێودەوڵەتیو ههرێمیشى لەگەڵ ئیسرائیلدا واڵا کردوە.
ڕاپۆرته مهیدانیهكه ئاماژهى بهوهداوه، ئەم هێزە سەربازییانەی تورکیا بەسەر شهش پارێزگای سەرەکیی سووریادا دابەشبوون، لهکاتێکدا زۆربەی هەرە زۆری هێزەکان لەدوو ناوچەی سەرەکیی دزەی ڕاستەوخۆی توركیادا جێگیركراون، بۆ نمونه شارى حەلەب بەپلەی یەکەم دێتو 56 پێگەی سەربازیی تێدایە، ئیدلب بەپلەی دوەم دێتو 51 پێگەی سەربازیی تێدایە، گرێ سپی نۆ پێگەی سەربازیی تێدایە، سەرێکانى (لهپارێزگاى حهسهكه) پێنج پێگەی سەربازیی تێدایە، لازقیە-ش دوو پێگەی سەربازیی تێدایەو لهپارێزگاى حەما-ش یهك پێگەی سەربازیی تێدایە.
داتاکان ئاماژه بهوهدهكهن، سوپای تورکیا چەندین گوندی ئاوەدانی بەتەواوی لهدانیشتوانهكهى چۆڵکردووە و گۆڕیونی بۆ بنکەی چەکدارییو سهربازیى، بەهۆیەشهوە ڕێگه لەگەڕانەوەی هەزاران خێزانو هاووڵاتى سڤیل گیراوە كه بگهڕێنهوه ناوچهو گوندهكانى خۆیان.
ئهو زانیارییانهى لهڕاپۆرتهكهدا ئاشكراكراون دهڵێت، "لەدەڤەری سەرێکانیو گرێ سپی، پێنج گوندی سەرەکیی وەک (باب ئەلفەرەج، ئەلداودیە، ئەلعەریشە، ئەلمەناخو ئەلعامریە) بەتەواوی کراونەتە مۆڵگەی سەربازیی، لەدەڤەری عەفرین-یش سەرهڕای پاشەکشێی کاتیی لەگوندەکانی باسلەو جێ، بەڵام سێ گوندی سەرەکیی وەک (جەلبرە، دەروێشو شێخ خۆرز فۆقانی) هێشتا لەژێر کۆنترۆڵدانو خەڵکەکەیان مافی گەڕانەوەیان نییە، جیا لەگوندەکانی شێخ ناسرو شێخ عەقیل لەناوچەی باب لەڕۆژهەڵاتی حەلەب).
پەرلەمانی تورکیا لەتشرینی یەکەمی ساڵی 2025دا بەفەرمی پێشنیازی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەی بۆ درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەو ناردنی هێزەکانی بۆ سووریا و عێراق بۆ ماوەی سێ ساڵی دیكه پەسەندکرد؛ بەمەش دەسەڵاتی یاسایی هێزەکان تاوهكوو ساڵی 2028 بەردەوامدەبێت، هاوکات یەشار گولەر وەزیری بەرگریی تورکیا ڕایگەیاند، هیچ خشتەیەکی کاتیی بۆ پاشەکشێ نییەو مانەوە بەندە بەئاسایشی نیشتمانیی ئەنقەرەوە.
باس لە زانیارییە هەواڵگرییەکانیش كراوه كه ئاشكرایانكردوه، لەپێناو مەشقپێکردنی سوپای سوریا، ئەنقەرە خەریکی لێکۆڵینەوەیە بۆ دروستکردنی قاعیدەیەکی سەربازیی نوێ کە ئەم پڕۆژەیەش لەکۆبونەوەی نێوان ئەحمەد شەرع سهرۆكى سوریاو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا لەشوباتی 2025 لەئەنقەرە گەڵاڵەکرابوو.
بهدواداچوونێكى ورد و ههستیارى ڕۆژنامهوانى ئاشكرای دهكات، 124 پێگەی سەربازیی تورکیا لە سووریا و كوردستانی سووریا؛ مانەوەی ئەنقەرە درێژدهكاتهوه و چارەنووسی هەزاران ئاوارەی عەفرینو سەرێکانی-شى بە بارمتەگرتووه.
News ID 60604
Your Comment